وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە بریندارکردنی قایمقامی شارەکە دەڵێت "٧ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر قایمقام دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".
شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند "کێشەکە لەسەر خانووە زێدەڕۆکان بووە، ئەو ٧ کەسەش بەپێی مادەی ٢٢٩ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون".
ئەمڕۆ نزیک کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەڕۆ، لیژنەیەکی لابردنی زێدەڕۆیی کە قایمقامی کەرکوک سەرپەرشتی دەکرد، بە شۆفڵ و گەڵابە دەچنە گەڕەکی خەزرا بۆ رووخاندنی هەندێک خانوو کە بەپێی زانیارییەکان "خانووەکان بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون و پێشتر ئاگادارکرابوونەوە کە دەبێت بڕووخێنرێن"، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی لیژنەکە و رووخاندنی خانووەکان، خەڵکی شوێنەکە رووبەڕووی لیژنەکە دەبنەوە و "پۆلیس چەند گولـلەیەکی بە ئاسماندا تەقاندبوو بۆ ئەوەی خەڵکەکە نزیکی قایمقام نەبنەوە، بەڵام خەڵکەکە بە دار و بەرد لە سەر و قۆڵی قایمقامیان داوە و برینداریان کردووە".
فەلاح یایچی، قایمقامی ناوەندیی کەرکووک بەوەکالەت لە دوای ١٦ی تشرینی یەکەم ٢٠١٧ـەوە، بووەتە قایمقامی قەزای ناوەندیی کەرکوک و رۆژی ١٦ی ئەم مانگە و لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستەکانی دیکە، پۆستەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و ئاڤێستا شێخ محەممەد لە شوێنی ئەو دەبێتە قایمقام.
وێنەی فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە برینداری: