هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناسەقامگیری زیاد دەکات


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران راگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر باشوری کوردستان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش جگە لە بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیان، بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە ئەو هێرشانەش ١١ شەهید و قوربانیی لێ کەوتبۆوە".

شەممە، ١٨ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هاوپەیمانیی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە دۆست و دوژمن دڵنیا دەکاتەوە ئەم هێرشانە و گیانبەختکردن و قوربانیدانی هێزەکانمان نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکوو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ رزگاریی کوردستان و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە و سووربوونمان لەسەر بەردەوامیی خەباتەکەمان قایمتر دەکات".

دەقی راگەیاندراوەکە:

بۆ ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان!
ڕوو لە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان!
ڕوو لە حکوومەتی فیدڕاڵی عێڕاق!

ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی 
ئێران بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی و نیزامی و ستراتیژییە ئایدۆلۆژییەکانی لە ماوه‌ی شه‌ڕی ٣٩ ڕۆژه‌‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئیسرائیلدا، بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی خاوخێزانی کادر و پێشمەرگەکانیان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ماوەی ئاگربەسی ئێستاشدا ئەو هێرشانە هەر درێژەیان بووە. لە  نوێترینی ئەو هێرشانەشدا کە رۆژی ڕابردوو ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٧/٤/٢٠٢٦) بە مووشەک و دڕۆن کرایە سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ مخابن سێ پێشمەرگە و تێکۆشەری ڕێگای ئازادیی ئەم حیزبە بە ناوەکانی شاهین ئازەربەرزین، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید بوون و دوو پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندارن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش جگە لە بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانیان، بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە ئەو هێرشانەش ١١ شەهید و قوربانیی لێ کەوتبۆوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنەوەی توندی ئەم تاوانە و سه‌رجه‌م هێرشه‌ تێرۆریستیه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆسه‌ر تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات و شه‌هیدکرانی ١٠ ڕۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری حیزبه‌کانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ڕایدەگەیەنیت:
١. ڕوو لە حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنین پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەکانی جدییان هەبێ و هەنگاوی بەکردەوە، یاسایی و ڕاشکاوانە بنێن بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە. پاراستنی سەروەریی خاک و گیانی نیشتەجێبووانی هەرێم، ئەرکێکی دەستوورییە، بەتایبەت کە ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان دوو وڵاتی پێشێل کردووە.

٢. ڕەخنەی توند لە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرین و پێمان‌وایە بێدەنگی و پاسیڤ‌بوونی ئەوان لە بەرامبەر ئەم جینایەتە جەنگییانە و پشتگوێخستنی ئەرکە مرۆییەکانیان، دەستی ڕێژیمی تارانی بۆ دەستدرێژی و تێرۆری زیاتر ئاواڵاتر کردوه‌. داوا دەکەین و پێویستیشە ئەم هێرشانە وەک تاوانی جەنگ و تێرۆری نێودەوڵەتی لەقاو بدرێن، تۆمار بکرێن و هەڵوێستیان لە سەر بگیرێ.

٣. بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی ساتوسەودای وڵاتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەگرین و پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرینەوە کە ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە ئەمنییەت و سەقامگیریی هەموو جیهانی بە بارمتە گرتووە و هەموو کاتێک دانوستان و سازان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ کڕینی کات و بردنەپێشێی ئامانجەکانی قۆستۆتەوە. 

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی خێرای هەبێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سازان لەگەڵ تاران چیدی دەستی ڕێژیم بۆ بەردەوامیی تێرۆر و کوشتار ئاوەڵاتر نەکات.

٤. داوا لە هەموو کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات دەکەین بە پلان و بەرنامەی تۆکمە، به‌ ڕێکخستنی ئاکسیۆن و ڕێپێوانی هێمنانە و بەشێوەی بەردەوام بێنە سەر شەقامەکان و بە کۆبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانە و کۆنسوولگەرییەکانی ڕێژیم و ناوەندەکانی بیڕیار دەنگی بێزاری نەتەوەکەمان بەرز بکەنەوە.

لە کۆتاییدا هاوپەیمانیی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە دۆست و دوژمن دڵنیا دەکاتەوە ئەم هێرشانە و گیانبەختکردن و قوربانیدانی هێزەکانمان نەک هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵکوو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ رزگاریی کوردستان و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە و سووربوونمان لەسەر بەردەوامیی خەباتەکەمان قایمتر دەکات.

نەمری بۆ شەهیدان و سەرکەوتن بۆ ڕێگای ئازادی.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٧/٠٤/٢٠٢٦)




PM:05:26:18/04/2026