لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
لە یاداشتنامەیەکدا کە بۆ ڕای گشتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەو لێژنەیە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
لە بەشێکی تر لەو یاداشتنامەیەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز هەڕەشەیەک نەبووە بۆ سەر ئاسایشی ئێران، بەڵکو فاکتەرێکی سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم هێرشانە هیچ پاساوێکی یاساییان نییە.
لێژنەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەنگاوی یاسایی بگرن و فشار بخەنە سەر ئێران بۆسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمپەکانی پەنابەران وەک ناوچەی بێبەری لە ململانێ سەربازییەکان.
دەقی یاداشتنامهكه:
یاداشتنامهی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
بۆ / ڕای گشتیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
دەبێ دەستدرێژی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕابوەستێ
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی، پابەندی خۆی بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەست لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕادەگەیەنێت، کەچی بەردەوامە لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ئەم دەستدرێژییانە کە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
هەرێمی کوردستان نەک هەر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم پەلامارانە هیچ پاساوێکی یاساییان نییە و تەنها لە چوارچێوەی هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆیییەکان و تێکدانی ئاشتی پۆلێن دەکرێن، هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی فەرمی بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندووە.
لەم سۆنگەیەوە، ئێمە وەک لایەنە چەپەکانی کوردستان جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
1-داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان(UN) دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵبستن و فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمپەکانی پەنابەران وەک ناوچەی بێبەری لە ململانێ سەربازییەکان.
2-حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی و خاکی وڵات؛ پێویستە بێدەنگیی بشکێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.
3-بانگەواز لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە گیانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بە شێوازی شارستانی، دەنگی ناڕەزایەتی دژی ئەم پێشێلکارییانە بەرز بکەنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی خاکی هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان:
-حزبی شیوعیی کوردستان
-بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦