دابەشکردنی غاز بەبێ فۆڕمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە

لە سلێمانی وێڕای ئەوەی هاووڵاتییان گلەییان لە کەمی غاز هەیە کە وەک پێویست بەریان ناکەوێت، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غاز ئاشکرای دەکات کە بەشە غاز بۆ دوو هێندە زیادی کردووە و ئەگەر جەنگ دەستپێنەکاتەوە لە سەری مانگەوە غاز بەبێ فۆڕمی خۆراک بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکەن.

کۆچەر تاهیر، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگەكانی غازی لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "پێش جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ١٢٠ تەن غاز لەناو سلێمانی دابەشدەکرا بەڵام لە ئێستادا بۆ ١٤٠ تەن زیادکراوە و بڕیاریشە لە سبەینێوە بۆ ١٦٠ تەن زیاد بکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئەمڕۆ لە ناو شاری سلێمانی ٣٥ هەزار بتڵی غاز بە کۆبۆنی خۆراک دابەش دەکەن و لە رۆژانی داهاتووشدا ٢٠ هەزار بتڵ دابەش دەکەن، ئەگەر جەنگ دەستپێنەکاتەوە لە سەری مانگەوە بەبێ کۆبۆن غاز بۆ هاووڵاتییان وەک رابردوو بەردەست دەبێت”.



PM:01:01:19/04/2026