ژنێک دوای لێدانی دەرزی گیانی لەدەستدا و بەڕێوبەرایەتی تەندروستیش لێکۆڵینەوە دەکات

‌ئەرشیف، کەلار

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کەلار دوای ئەوەی دەرزیەکی لێدراوە و بەڕێوبەرایەتیەکە داوای پێکهێنانی لیژنە دەکات.

یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، شەوی ڕابردوو کەسوکاری نەخۆشێک بە ڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەسەکەیان بەهۆی کاریگەری لێدانی دەرزی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە کەلار گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیاندا هاتووە "کە سەرجەم پەڕاوەکانی بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە تاوەکو بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ بدرێت. بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و سەرۆکایەتیی هەرێم، بۆ پاراستنی بێلایەنی و پیشەییبوون، دەبێت ئەندامانی ئەو لیژنەیەی لەسەر گیانلەدەستدانی نەخۆش پێکدەهێنرێت، خەڵکی دەرەوەی ئەو پارێزگایە بن کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە".

ڕووداوەکە شەممە ١٨  نیسانی ٢٠٢٦ ڕوویداوە، کاتێک ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە کەلار گیانی لەدەستداوە. کوڕی ئەو ژنە ڕایگەیاندووە، دایکی هەستیاری (ئەلێرجی) هەبووە، بەڵام لە نەخۆشخانەکە دەرزییان تێکەڵ بە ئاو کردووە و پێیان وتووە دەبێت بیخواتەوە. بە گوتەی کەسوکاری ژنەکە، خواردنەوەی ئەو گیراوەیە بووەتە هۆی وەستانی دڵی و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.




PM:02:44:19/04/2026