بەڕێوبەری بەنداوی دووکان، کۆچەر جەمال لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە "ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەخێرایی بەرز دەبێتەوە" و لە ئێستادا تەنها "٥ مەتر و ٢٥ سانتیمەتر"ی ماوە بۆسەر رێژبوون.
یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، کۆچەر جەمال رایگەیاند "داهاتی ئاو لە ئێستادا زۆر باشە و ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەردەوام لە زیادبووندایە، ڕۆژانە ئاستی ئاوەکە ٢٠ سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە و لە ئێستاشدا تەنیا ٥ مەتر و ٢٥ سانتیمەتر ماوە بۆ ئەوەی ئاوەکە بگاتە ئاستی کۆتایی و بەنداوەکە بە تەواوی سەرڕێژ ببێت".
"ئاستی ئاوی ئەمساڵ بەراورد بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزە. جگە لە ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٩، ئاستی ئاوی ئێستا هەموو ساڵەکانی دیکەی تێپەڕاندووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی ئاوەکە ڕیکۆردی ئەو دوو ساڵەش بشکێنێت و زیاتر بەرز ببێتەوە"، بەڕێوبەری بەنداوی دووکان وا دەڵێت.
لە بارەی بەڕێوەبردنی ئاوی بەنداوەکەوە، کۆچەر جەمال وتی "لە ئێستادا کەمترین بڕی ئاو بەردەدەنەوە. بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر بەنداوەکە بگاتە حاڵەتی سەرڕێژبوون یان ناچار بن بڕێکی زیاتر ئاو بەربدەنەوە، پێشوەختە هاونیشتمانیانی ناوچەکانی خوارووی بەنداوەکە ئاگادار دەکەنەوە".
لە کۆتایدا بەڕێوبەری بەنداوی دووکان داوای لە هاوڵاتییان کرد "بۆ پاراستنی گیانیان، لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە مەترسی لافاو یان بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویان لەسەرە".