وتەبێژی حکومەتی هەرێم: سەرۆکی حزبێک مافی نیە لە جیاتی دەزگای فەرمی قسە بکات

‌پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم

وتەبێژی حکومەتی هەرێـی کوردستان، پێشەوا هەورامانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت " کوردستانەوە لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک باسی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییەو هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردوون".

دوو شەممە، ٢٠ نیسان ٢٠٢٦، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند "لای هەمووان ڕونە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دەستوری دانپێدانراوی فیدراڵییە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت".

"لە بارەی ئەو چەکانەی گوایە باس دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراوە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەکات و لایەنی دیکە تاوانبار دەکات و لەڕاگەیاندنەکانییانەوە خەریکی چەواشەکارین"، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.

وتەبێژەکەی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردوە کە  "ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە نیە".

لە بارەی لێدوانەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی، لە میدیایەکی دەرەوەی کوردستان، وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم وتیشی "سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نیە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات".

لە دوای ٢٨ شوبات و دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە چەکیان ناردوە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران "تا چەک بگوازنەوە بۆ خۆپیشاندەران لە ناوخۆی ئێران، بەڵام ئەو لایەنە چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتوە"، ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.




PM:07:51:20/04/2026