بەیانی ئەمڕۆلە سنوری پارێزگای هەولێر دوای ئەوەی گەنجێک کوژرا و گەنجێکی دیکەش بریندار بوو، لە هەمان کاتدا تەرمی دایک و باوکی گەنجە بریندارەکە دوای مانگێک لە کوشتنیان لە ماڵەکەی خۆیاندا تەرمەکەیان دۆزرایەوە.
دوو شەممە، ٢٠ نیسان ٢٠٢٦، رزگار محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی پیرمام بە میدیاکانی راگەیاند"کاتژمێر ٨:١٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان، کە شوێنی فیشەک بە جەستەیەوە بوو، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، تەرمی گەنجەکە بۆ پشکنین رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە. هەر ئەمڕۆ گەنجێکی دیکەش کە بریندار ببوو هێندرایە نەخۆشخانە، دوای چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانەی هەولێرمان کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە بارەی ڕوداوەکەوە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ دوای ئەوەی لە حاڵەتێکی کوشتن لە شارەدێی پیرمام ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی (پیرمام)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ کرد و دەرکەوت کە بریندارێک و تەرمێک لە شوێنی ڕووداوەکە بوونی هەیە".
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە کە "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تاوانێکی دیکەی پێشتر ئەنجامدراویان دەرخست و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شارۆچکەی پیرمام، پەڕاوی لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە و کراوەتەوە و یاسا سەروەر دەبێت".
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجەی کە بریندارە، تۆمەتبارە بە کوشتنی دایک و باوکی و ئەو گەنجەی دوێنێ شەو کوژراوە، تەرمی دایک و باوکی ئەو گەنجە بریندارە دۆزراونەتەوە و دەرکەوتووە کە نزیکەی لە مانگێکە کوژراون. هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان و هۆکاری کوشتنی ئەو سێ کەسە.