بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "٣٥ حاڵەتی برینداربوون تۆمارکراوە"، هەر بەهۆی بارانبارینەوە لافاو لە چەند گەڕکێک دروستبوە.
لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕیندا، دوو شەممە، ٢٠ نیسان ٢٠٢٦، هاتووە کە "لە ماوەی چەند کاتژمێری ئێوارەی ئەمڕۆدا، ٣٥ حاڵەتی برینداربوون بەهۆی بەربوونەوە و شکانی دەست و قاچ و ئازاری جەستەیی، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە تۆمارکراون".
هۆکاری زۆریی بریندارەکان بۆ "بەهێزیی شەپۆلی تەرزە و باران و ئاڵۆزبوونی دۆخی هاتووچۆی رێگەوبان و رۆیشتنی پیادە، هاوڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی تەرزەکە رایانکردووە و بەو هۆیەوە تووشی بەربوونەوە و شکان بوون" تەندروستیی راپەڕین وا دەڵێت.
سەبارەت بە دروستبوونی لافاو، عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین رایگەیاندووە کە "بەهۆی بارانبارین و تەرزەوە لافاو لە حەوت گەڕەکی ناوچەکە دروست بووە، لە ئەنجامدا ٢١ ماڵ زیانی مادییان بەرکەوتووە".
"هەر ئەمڕۆ پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە کەوتووە و دەست و قاچی شکاوە. هەروەها باوکێک و کوڕێک کە کەوتبوونە ناو لافاوەکەوە، خۆشبەختانە توانرا بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن"، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین وا دەڵێت.
ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بارانبارین و تەرزە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە.