وەزارەتی دەروەی تورکیا راگەیاندراوێکی سەبارەت بە دەستبەکاربوونی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵۆ، وەک پارێزگاری کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت "گەڕانەوەی مافێکی رەوایە".
سێ شەممە، ٢١ نیسان ٢٠٢٦. لە راگەیاندراوەکەدا لە بارەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لە لایەن تورکمانەوە هاتووە "گەڕاندنەوەی مافێکی رەوای دواخراو بۆ هاوڵاتییە تورکمانەکانمان کە پێکهاتەی رەسەنی عێراق و کەرکوکن، دانانی پارێزگارێکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە لە رووی پتەوکردنی گشتگیری و ئارامیی کۆمەڵایەتییەوە زۆر گرنگە".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە گرنگیی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان لە کەرکووک لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا لەسەر بنەمای رێککەوتن و بەشێوەی خولی کراوە و باس لەوە کراوە، ئەم دۆخە دەستکەوتێکی دادپەروەرانە و یەکسانە بۆ هەموو لایەنەکانی شارەکە.
رۆژی پێنجشەممە ١٦ نیسان ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، کۆبووەوە و محەممەد سەمعان بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا. ئەمەش دوای ئەوەی ڕێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە پۆستەکەی کێشایەوە.
محەممەد سەمعان ئەمڕۆ سێ شەممە، ٢١ـی نیسان وەک پارێزگاری کەرکوک بە فەرمی دەستبەکاربوو.