سەرۆکایەتی هەرێم لەبارەی دۆسیەی لاهۆر شێخ جەنگی هاتە دەنگ

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند" کە بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەک بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوەرییە و تەنها لەلایەن دادگا پەیوەندیدارەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە".

ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی ڕابردوودا، هەندێک باس و گفتوگۆ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا سەبارەت بە ڕوداوەکانی مانگی ئاب لە لاله‌زاری سلێمانی و هەڵوێستی سەرۆکایەتی هەرێم لە پرۆسەی دادگاییکردن بڵاوکراونەتەوە.

دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی هەرێم هیچ جۆرە دەستتێوەردان یان فشارێک لەسەر پرۆسەی دادوەری ناکات، و پێویستە هەموو کەیسەکان بە ڕێڕەوی یاسایی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوە بچن، هەروەها مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە دادگاکان دەبێت لە کاتی یاسایی خۆیاندا و بەپێی ڕێکارە دیاریکراوەکان بڕیار لەبارەی ئەم دۆسیەیە بدەن.

لە کۆتاییدا، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکایەتی هەرێم هەمیشە پابەندە بە پاراستنی یاسا و دامەزراوەکان و ڕێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.



PM:08:19:21/04/2026