پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک دەنێرێتە هەرێم بۆ کۆتاییهێنان بە بایکۆتی پارتی

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، هەنگاوێکی نوێی نا بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

پەرلەمان داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بە مەبەستی سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان.

ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەیە کە بوونەتە هۆی دوورکەوتنەوەی پارتی لە پەرلەمان. پەرلەمان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم لیژنەیەوە زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بڕەخسێنێت و گوێ لە تێبینییەکانی پارتی بگرێت سەبارەت بەو خاڵانەی وەک "پێشێلکاریی دەستووری و یاسایی" ناویان دەبەن.

ئەم هەوڵانەی پەرلەمان دوای ئەوە دێت کە لە ١٨ـی نیسانی ٢٠٢٦، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بایکۆتی کراوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی دا. پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بڕیارەکەی وەک ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر بە شێوازی بەڕێوەبردنی پەرلەمان و بوونی پێشێلکاریی یاسایی، کە تائێستاش ئەو هەڵوێستەیان وەک خۆی ماوەتەوە.



PM:04:57:22/04/2026