ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەر ناودەبات

ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم پێیوایە رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە چارەسەری ئەم دۆخە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی نیسان، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت نادەستوورییە و نادامەزراوەییە".

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمیشەوە، ئەحمەد کانی رایگەیاند، "هۆکارەکە روونە بۆچی کابینەی نوێ پێک نەهاتووە". جەختیشی کردەوە، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ئەنجام، رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە چارەسەر.

دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بووەتە مایەی نیگەرانیی سیاسی و جەماوەری. هۆکاری سەرەکیی ئەم چەقبەستوویە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادی و وەزارییەکان.




PM:02:59:23/04/2026