بەڕێوبەری بەنداوەکانی گەرمیان: هەموو بەنداوەکانمان سەرڕێژ بوون


بەڕێوبەری بەنداوەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، جەبار مەحمود لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت "لە ئیدارەی گەرمیان ٤بەنداو هەن، ئەمساڵ هەر چواریان سەررێژبوون".

پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، جەبار مەحمود رایگەیاند "باران بارینی ئەمساڵ لە تەواوی ناوچەکان بووە هۆی بووژانەوەی ئاو و کانیاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان، سەررێژبوونی ئەم بەنداوانە سوودی زۆری بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران گەیاندووە، هەروەها بۆ سامانی ماسیش بەهەمانشێوە".

"بەنداوی ئاوەسپی گەورەترین بەنداوی سنوورەکە و ٢٥ گوند سوود لە ئاوی بەنداوەکە دەبینن، کە بەشی زۆریان بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکاریدەهێنن و نزیکەی ١١ هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە و هەروەها بەنداوی باوە شاسوار نزیکەی ٧ هەزار دۆنم زەوی بۆ کشتوكاڵ سوودی لێ وەردەگیرێت"، بەڕێوبەری بەنداوەکانی گەرمیان وا دەڵێت.

جەبار مەحمود وتوشیەتی "ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەک مەترسی وشکەساڵی لە سنوورەکە نییە".

لە هەرێمی کوردستان ٢٥ بەنداو هەیە کە تا ئێستا ٢٣ بەنداویان سەرڕێژ بوون و دوو بەنداویش ماون سەرڕێژ ببن، کە بریتین لە بەنداوەکانی دووکان و گۆمەسپان.




PM:08:04:23/04/2026