شێروان شێروانی دوو داواکاری ئاراستە کردووە بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی لە خواردن، بەڵام هیچیان قبوڵنەکراون


دەستەی مافی مرۆڤ لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راپۆرتی سەردانیکردنی رۆژنامەنووس شێروان شیروانی لە زیندان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "، تیمی دەستە چاویان بە سزادراو شێروان شێروانی کەوت و گوێیان لە داخوازییەکانی گرت".

پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "شێروان شێروانی دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی تیمی دەستە کرد ئەویش پێدانی مۆڵەتی چوونەوەی ماڵەوە بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکان. لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی داواکاری یەکەم، ڕێگەی پێ بدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی. ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامدانەوەی دروستی ئەم داواکارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە خواردن بهێنێت".

لە بارەی جێبەجێکردنی داواکاری یەکەمی شێروان شێروانی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردوە کە "وەڵامی کارگێڕی چاکسازی و لایەنی یاسایی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری چاکسازی، تیمی دەستە ئەم وەڵامانەی وەرگرت سەبارەت بە مۆڵەتی ماڵەوە،  لیژنەی مۆڵەتی سزادراوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی ڕێنمایییەکان، دەبێت سزادراو لانی کەم یەک ساڵی تەواو لە ماوەی حوکمەکەی بڕیبێت. بەو پێیەی تەنیا ٧ مانگ بەسەر حوکمدانی کۆتایی ناوبراودا تێپەڕیوە، لە ئێستادا مەرجی یاسایی مۆڵەت نایگرێتەوە". 

بۆ وەڵامی داواکری دووەم دەستەکە رایگەیاند "سەبارەت بە گواستنەوە لیژنەکە ڕایگەیاند کە بنەمای گواستنەوە (نەقڵ) لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی خێزان دەبێت، بەو پێیەی ماڵی سزادراو لە هەولێرە نەک سلێمانی، داواکاری گواستنەوەکەی لە لایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە ڕەتکراوەتەوە".

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە کە "دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ دووپاتی دەکاتەوە کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و پیشەیی، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم کەیسە و هەموو کەیسەکانی دیکەی ناو چاکسازییەکان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی کەرامەت و مافە سەرەتاییەکانی سزادراوان، وە دڵنیاتان دەکەین لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کومەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکان لە گفتوگۆ دادەبین تادەگەینە ئەنجامی دروسی یاسایی".

رۆژنامەنووس شێروان شێروانی یەکێکە لە دەستگیرکراوانی کەیسی زیندایانی بادینان و لە تشرینی یەکەنی ٢٠٢٠وە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دەستگیرکراوە و لە شوباتی ٢٠٢١ لە لایەن دادگای تاوانەکانی هەولیرەوە سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە تەموزی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە بە تۆمەتی "ساختەکاری و دەستکاریکردنی پەراوی فەرمی" سزای ٤ ساڵی دیکەی بۆ زیادکرا و کەیسەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەدوادا هاتووە و بە "کەیسێکی سیاسی و دەسترێژیکردنە سەر ئازادی رادەربڕین" پێناسە دەکرێت




PM:09:27:23/04/2026