وەزارەت ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاراستەی سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە، پۆلیسی هاتوچۆ و گشت دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتەکە کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری کرداری و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا کە هۆکار بێت بۆ پیسکردنی ژینگە.
راگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی، پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، بە نوسراوەی ژمارە ١١٢٥٥، بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، بڕیارەکە پشت بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ (ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٩) دەبەستێت، کە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەت و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتەکە.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی دامەزراوەکانی کردووە کە هۆشیاریی بدەنە هاووڵاتییان لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا:
یەکەم: پێویستە هاوڵاتیان لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی کوردستان وەک ماڵی خۆیان بپارێزن و پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە بۆ ئەو شوێنانەی دەستی شارەوانییان پێدەگات. بەپێچەوانەوە، هەر کەسێک پاشماوە بەجێبهێڵێت، بەپێی ماددەی ٤٢ لە یاسای ژینگە، سزایەکی دارایی دەدرێت کە لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆنییش زیاتر نەبێت.
دووەم وەزارەت داوا لە هاوڵاتییان دەکات ببنە چاودێر بەسەر ژینگەوە. لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک و پیسکردنێکی سروشت، ڤیدیۆی رووداوەکە تۆمار بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستەی ژینگە یان پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی بنێرن، تا رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.
سێیەم: هۆشداری دراوەتە سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان کە پابەندی رێنمایی ژمارە (٢)ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی دەستەی ژینگە بن. بەپێچەوانەوە، دامەزراوەکانی ناوخۆ چاودێریی وردی کارەکانیان دەکەن و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
چوارەم: ئەنجوومەن و لیژنەکانی پاراستنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیان دەبێت.
لە کۆتایی نوسراوەکەدا هاتووە "ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان سامانی گشتیی وڵات و هاوڵاتییانە، پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانی، ئایینی و مرۆییە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوەش دەرباز بێت."