بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شارەدێی خەلیفان لە سنوری پارێزگای هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند "١١ ئەندامی خێزانێک بە هۆی خواردنی قارچکەوە لە ژێرچاودێریدان".
دکتۆر کاروان شێروان، بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان، لە بارەی روداوەکەوە دەڵێت "ئێوارەی پێنج شەممە ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، ٨ حاڵەتی ژەهراوی بوونی خێزانێک گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان، دواتر٣ کەسی دیکەشیان هەر بەهۆی ژەهراوی بوون و خواردنی قارچکەوە گەیەندراونە نەخۆشخانە، دوای چارەسەری سەرەتایی و باشتربوونی تەندروستیان رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران کراون، ئێستا لەوێ لە ژێر چاودێری پزیشکیدان".
بە پێی تۆماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خەلیفان، تەمەنی هاوڵاتییەکان لە ١٠ بۆ ٣٦ ساڵاندایە، لە ناویاندا سێ منداڵیان تەمەنیان ١٠ساڵە.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی خەلیفان داوا لە هاوڵاتیان دەکات "لە هەر حاڵەتێکی لەم جۆرە و لە کاتی خواردنی قارچک، ئەگەر ژانی سکیان تووشبوو، پێویست هەرچی زووە خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە".