وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانیان دەڵێت " ٣ پێشمەرگەمان بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و پێویست نەبووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە ".
هەینی، ٢٤ نیسان ٢٠٢٦، خەلیل کانی سانانی، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان رایگەیاند " بارەگاکەمان بە جۆرە درۆنێک بۆردوومان کراوە کە بۆمبڕێژکراو بووە، بەڵام بۆمبێکی کەمی پێوە کراوە و لەکاتی تەقینەوەدا دەنگی کەمە".
دوێنێ شەو پارتی ئازادیی کوردستان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە "شەپۆلێکی هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای چەمشاری سوپای میللیی کوردستان لە نزیک دارەشەکران، لە ناوچەی زرارەتیی سنووری پارێزگای هەولێر".
هەر شەوی رابردوو، ٢ درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە.