وەزارەتی دادی ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێکی بەرپرسێکی کورد دەدات بە تۆمەتی " گەندەڵی "


وەزارەتی دادی ئەمریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێکی "بێڤەرلی هیڵز" دەدات کە بە پارەی فێڵکردن لە سوپای ئەمریکا و بەرتیلدان بە بەرپرسێکی عێراقی کڕدراوە

رۆژی چوار شەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦ نووسینگەی کاروباری گشتی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە ماڵپەڕی خۆی بلاویکردۆتەوە کە ئەمڕۆ داوایەکی یاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارستانی (Civil Forfeiture) لە دادگای فیدراڵیی ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا تۆمار کرد، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک لە ناوچەی "بێڤەرلی هیڵز" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" تۆمەتەکە ئەوەیە کە کۆشکەکە بە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە، ئەو پارەیەی کۆشکەکەی پێکڕدراوە لە ئەنجامی پلانێکی فێڵکردن لە ئاژانسی لۆجیستیی بەرگری (DLA)ی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێدانی بەرتیل بە بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمریکا بەدەست هاتووە."

وردەکاریی پلانەکە:

وەزارەتەکە بڵاویکردۆتەوە، "بەپێی ئەوەی لە داواکارییەکەدا هاتووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠، بەڵێندەرێکی بواری بەرگری لە ویلایەتی ڤێرجینیا و چەند کەسێکی تر، تێوەگلاون لە پلانێکی گەندەڵی بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئاژانسی (DLA) لە بەرامبەر دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سوپای ئەمریکا لە کاتی "ئۆپەراسیۆنی جێگیر" (Operation Inherent Resolve) کە هەڵمەتی ئەمریکا بووە دژ بە ڕێکخراوی داعش".

هەروەها هاتووە" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کوردستان، کە هێزەکانی پێشمەرگە ئاسایشی ناوخۆییان دەپاراست و کۆنترۆڵی چوونە ناو دامەزراوەکەیان دەکرد، خاڵێکی گرنگی گەیاندنی سووتەمەنی بووە بۆ سوپای ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە کاتی ئەو هەڵمەتەدا".

بەرتیل و مافی تایبەت:

ماڵپەڕی وەزارەتی داد ئاماژە بەوەش دەکات " کە داواکە باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی کۆمپانیا بەڵێندەرەکە ڕێککەوتوون لەسەر پێدانی بەرتیل بە بڕی ٠.٢٥ دۆلار (٢٥ سەنت) بۆ هەر لیترێک سووتەمەنی بە (ژەنەڕاڵ مەنسوور بارزانی)، کە بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگەیە، لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی تایبەت (ئینحیساری) بۆ گەیاندنی سووتەمەنی فڕۆکە لە کوردستان بۆ سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان. بەم هۆیەشەوە، کۆمپانیاکە سەدان ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی گرێبەستەکانی (DLA)وە وەرگرتووە. لە هەمان کاتدا، ڕێگری لە کۆمپانیا ڕکابەرەکان کراوە کە بگەنە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ گەیاندنی سووتەمەنی، و ئاژانسی (DLA) گرێبەستی یەکجارەکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا واژۆ کردووە بە نرخێکی ناتەندروست و زۆر گران."

شوێنپێی پارەکان و کڕینی کۆشکەکە:

بەپێی داوا یاساییەکە، ئەو پارانەی کۆمپانیاکە لە ئاژانسی (DLA) بەهۆی ئەو پلانەوە وەریگرتووە، گواستراونەتەوە بۆ سندوقێکی دارایی (Trust) بە ناوی (NYJD Trust No.1) کە لە ویلایەتی ڤێرجینیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بارزانی دامەزرێنراوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار لەو پارەیە لە سندوقە داراییەکەی بارزانییەوە گواستراوەتەوە بۆ کڕینی کۆشکەکەی بێڤەرلی هیڵز و هەروەها خەرجی نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی موڵکەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢.

لایەنە لێکۆڵەرەکان:

ئەم دۆسیەیە لەلایەن نووسینگەی واشنتۆنی (FBI)، خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانکاری بەرگری (DCIS) و بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لە فەرمانگەی باجی ئەمریکا (IRS) لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە.

تا ئێستا سەرباری ئەوەی دوو رۆژە وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەم راپۆرتەی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام هیچ راگەیاندراوێک تایبەت بەم کەیسە لەلایەن مەنسور بارزانی و لایەنە رەسمییەکانی هەرێم و بنەماڵەی بارزانیشەوە بڵاونەکراونەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ناوی لە راگەیاندنەکەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا هاتووە، مەنسوور بارزانی لەدایکبووی حوزەیرانی ١٩٧٣ یە کوڕی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی و برا بچووکی مەسروور بارزانییە. فەرماندەی ھێزەکانی تایبەتی یەکەم و گوڵانە.

بۆ بینینی ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمەریکا و بابەتەکەی ئەم لینکە بکەرەوە..https://www.justice.gov/opa/pr/justice-department-seeks-forfeit-beverly-hills-mansion-purchased-proceeds-scheme-defraud-us?fbclid=IwY2xjawRYUjZleHRuA2FlbQIxMABicmlkETFQejlaVGppVUdsT0s3QWpCc3J0YwZhcHBfaWQQMjIyMDM5MTc4ODIwMDg5MgABHufTiyVxU5WU-MW5krWdZmhzNkOqg1MAUE5Jgiuc41Fy1Z2SieigWgm9JBuK_aem_HgNIANqKi6CDYlil7nxouQ




PM:05:23:24/04/2026