فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکان بۆسەر هەرێم کوردستان لە ماوەی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "٨٠٩ هێرشکراوە".
شەممە، ٢٥ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە " ئاماری هێرشەکان لە ٢٨ی شوبات بۆ ٢٠ـی نیسان تۆمارکراون. هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێ کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە، سەرەڕای بێ لایەنی، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ٢٠ شەهید و ١٢٣ بریندار هەن، سەدان هاوڵاتییش زیانی مادی بە ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە".
بە پێی راگەیاندراوەکە لە ماوەی ٥٢ ڕۆژدا، بەگشتی ٨٠٩ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە ٧٠١ درۆن و ١٠٨ مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا ٢٠ شەهید و ١٢٣بریندار هەن.
ژمارەی هێرشەکان بەمشێوەیەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشبوون:
- پارێزگای هەولێر، ٤٧٧ هێرش کراوە، ٤١٩ درۆن و ٥٨ مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا ١٠ شەهید و ٨٣ بریندار هەن.
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: ٢٣٥ هێرش کراون، ١٩٤ درۆن و ٤١ مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا ٣ شەهید و ٦ بریندار هەن.
- پارێزگای دهۆک: ٢٩ هێرش کراوە، ٢٩درۆن بەکارهێندراون.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ٦٨ هێرش کراون، ٥٩ درۆن و ٩ مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا ٧ شەهید و ٣٤ بریندار هەن.
لە راپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا ئاماژە بە زیانەکانی تر بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە کراوە:
- پارێزگای هەولێر: ٧٢٦ هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنکاریان کەوتووە.
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: لە ٢٤هێرش و بۆسەر شوێنی سڤیل، دەیان هاوڵاتی زیانمەند بوون.
- پارێزگای دهۆک: زیاتر لە ١٣ جار هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و زیان بە ماڵی هاوڵاتییان گەیشتووە.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ٣٥ هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ، شوێن کار و خانووەکانیان کەوتووە.