هەورەبروسکە و شەستەباران دەستپێدەکات

بە گوێرەی پێشبینییەکانی شارەزایەکی کەشناسی کورد شەستە باران و هەورە بروسکەی بەهێز لە ڕێگادایە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە. 


ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی هەوای گەرم و شێدار لەگەڵ هەوای ساردی چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، ئەمڕۆ شەممە لە دوای نیوەرۆ تا ئێوارە لە هەندێ ناوچەی ڕۆژئاوا، ناوەڕاست و باشوری عێراق ئەگەری دروستبوونی هەورە سوپەرسێل و بارانی بەهێزی تەرزە هەیە. ئەم بارانانە لەگەڵ تەرزەی گەورە و هەندێ جار دروستبوونی لافاو دێن.


ئەوەشی خستەڕوو کە سبەی یەکشەممە ئەم ناجێگیرییە دەگاتە هەرێمی کوردستان. لە دوای نیوەرۆوە ئاسمان بە زۆری دەبێتە نیمچە هەور، و لە شوێن و کاتی جیاوازدا شەستە باران و هەورە بروسکەی بەهێزی کورتخایەن دروست دەبێت، لەگەڵ هاتنە خوارەوەی باێکی بەهێز لە کەڵەکە هەورەکان.

لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکە زیاتردەبێت و زۆربەی ناوچەکان وەک سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر، دهۆک، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ ئەگەری هەورە بروسکەی بەهێز و شەستە باران و تەرزەیان هەیە. هەندێ شوێنیش ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە. پلەی گەرماش ٣ تا ٥ پلە کەم دەبێتەوە.


ئەو کەشناسە کوردە دەشڵێت بۆ دووشەممە باران و تەرزە و هەورە بروسکە بەردەوام دەبێت بەڵام پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە. لە ئێوارەدا کەش ئارامتر دەبێت و دواتر جێگیر دەبێتەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی سێشەممە تا پێنجشەممە بە شێوەی لاواز، بە تایبەتی لە دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە، ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و تاوە باران بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان.





PM:02:50:25/04/2026