هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی ئاشکرایدەکەن کە لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی مەزڵوم عەبدی بۆ دیمەشق جگە لە ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی تری سوریا، لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لە سوریا کۆبۆتەوە، هەرچەندە هەسەدە هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە بڵاونکردۆتەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و نووح یەڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە سووریا لە شاری دیمەشق ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەلەفی پرۆسەی ئاشتی کراوە کە ئەنقەرە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی پێکردووە، هەروەها باس لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ئەو پرۆسەیە لەسەر کوردی سووریا کراوە.
جگە لەو تەوەرانە، باس لە ڕێوشوێنەکانی چوونە دەرەوەی کادرە پێشووەکانی ئەو پارتە (پەکەکە) لە خاکە سووریا کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوانتر کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی تێکەڵکردنی "هەسەدە" لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی سووریادا. هەروەها جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکانی تێکەڵکردنی "هەسەدە" کردووەتەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە لێکتێگەیشتنەکانی قۆناغی ڕاگواستن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە باڵیۆزی تورکیا بە مەزڵووم عەبدی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ئەنقەرە پێشوازی لێبکرێت. ( پێشتر ئەنقەرە ناوی لە لیستی داواکراواندا دانابوو).
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن "هەسەدە"وە سەبارەت بەم زانیارییانە بڵاونەکراوەتە.
هەفتەی رابردوو وەفدێکی هەسەدە بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی دیمەشقیان کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و چەندان بەرپرسی تر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەو هەنگاوانەی رێککەوتنی نێوانیان کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون.