بەپێی زانیارییەکان، پڕۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی نیسان (٤) و ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (میزان موراجەعە) بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ تێبینییەکی جدی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە کۆتایی هات.
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان، لە بەغداوە گەڕانەوە بۆ هەولێر.
هاوکات، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی نیسان (٤)ـی لە ناوەڕاستی مانگدا و بە دیاریکراوی لە ڕێکەوتی ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٦ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فەرمانی خەرجکردنی تەمویلی مووچە واژۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ناو وەزارەتی دارایی، چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە، بەغدا دەست بکات بە ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی چوار بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی. یەکەم تەمویل کە دەنێردرێت تایبەت دەبێت بە مووچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
ئەم هەماهەنگییە نوێیەی نێوان هەولێر و بەغدا دوای ئەوە دێت کە هەردوو لا لەسەر میکانیزمێکی جێگیر بۆ ناردنی مووچە ڕێککەوتوون. وەزارەتی دارایی عێراق جەختی کردووەتەوە کە بە مەرجی ناردنی ڕاپۆرتی میزان موراجەعە لە کاتی خۆیدا، ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت و ناکرێتە قوربانیی کێشە سیاسییەکان.