کەشناسێکی کورد گۆڕانکاری نوێ و دواین پێشبینیەکان لەبارەی
کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو دەخاتەڕوو و ئاشکرای دەکات کە " بارانبارین لە
ئەمڕۆوە دەستپێدەکات ولە رۆژانی سێشەممە وچوارشەممە بارانی بەهێز و تەرزە
دەبارێت".
بە وتەی ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە کاتەکانی دوای نیوەرۆدا لە شوێنە جیاوازەکان
ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورتخایان هەیە. لە کاتەکانی ئێوارەدا
کەش تا ڕادەیەک جێگیر دەبێتەوە، بەڵام لە شەودا، بە تایبەتی لە نێوان نیوەی شەو بۆ
بەرەبەیانی دووشەمە ، پێشبینی دەکرێت زنجیرەیەک هەوری بەهێز لە ڕۆژئاواوە بە
ئاراستەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێت، کە هاوشێوەی هەورە بروسکە، باران و تەرزەی
توند لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
راشیگەیاند" لەو ماوەیەدا، لە زۆربەی ناوچەکان ئەگەری
شەستە باران و هەورە بروسکەی بەهێز هەیە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ناوەندی پارێزگای
هەولێر، کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان کە توندتر دەبن بە بەراورد بە ناوچەکانی تر. لە
بەیانی دووشەمەوە، کاریگەری ئەم نائاستەنگییە کەم دەبێتەوە و زۆربەی کاتەکان کەش جێگیر
دەبێت، هەرچەندە لە دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە لە هەندێ شوێندا ئەگەری چالاکبوونی
دووبارەی هەورە بروسکە و باران هەیە."
ئاماژە بەوەشدەکات کە بەپێی دواین گۆڕانکاریەکان، بۆ رۆژانی
سێشەمە و چوارشەمە ، ئەگەری گەڕانەوەی نائاستەنگییەکان هەیە، کە دەبێتە هۆی
چالاکبوونی هەورە بروسکە، تەرزە و شەستە باران لە زۆربەی ناوچەکان.