لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی دەکرێت

‌نوێترین وێنەی لاهور شێخ جەنگی لە زیندان

ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاشکرایکرد "بڕیار بوو کاژێر ١٢:٠٠ نیوەڕۆ دادوەر دۆسیەکە ببینێ، بەڵام دواخراوە و دەگوترێ ئەمڕۆ دەیبین".

یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند "ئەمڕۆ دادوەر لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دەست بە وردبینیکردنی دۆسیەکە دەکات، ئەگەر دۆسیەکە کەموکوڕییەکی ئاسایی تێدا بێت، دادگا خۆی چاکی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕییەکان جەوهەری و بنەڕەتی بن، ئەوا دۆسیەکە جارێکی دیکە رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەکرێتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانە".

١٩ـی نیسان، لاهور شێخ جەنگی راگەیێندراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و  نوسرابوو "٨ مانگە دوور لە هەموو نەریتێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین، بۆ ئەوەی دادگا رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێ، تاوەکو ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە گوشاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگە و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگەی تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد پێکەوە بڕیارمان داوە لەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین".

بە پێی زانیارییەکان" ئێستا جگە لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، ١٨  دەستگیرکراوی دیکەی لالەزار لە زینداندا ماونەتەوە".




PM:03:30:26/04/2026