نرخی سووتەمەنی دادەبەزێت


وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بەهمەن شێخ قادر سەبارەت بە دابەزینی نرخی سووتەمەنی دەڵێت "دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و خواستیش لەسەر سووتەمەنی کەمە".

یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، بەهمەن شێخ قادر رایگەیاند "نرخی بەنزین، نەوت، گازی ماڵان و گازوایل هەموویان ئەمڕۆ دادەبەزن، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٩٧٥ دینارەوە بووەتە ٩٥٠ دینار، بەنزینی موحەسەن لە ١١٧٥ دینارەوە بووەتە ١١٥٠ دینار، نرخی بەنزینی سوپەریش ٥٠ دیناری دابەزیوە و ئەمڕۆ لیتری بە ١٣٠٠ دینار دەبێت".

دوێنێ، شەممە  نرخی لیترێک گازی ماڵان (LPG) بە ١١٠٠  دینار بووە و ئەمڕۆ"١٠٠  دینار دابەزیوە و ئەمڕۆ لیتری بە هەزار دینارە. هەروەها لیترێک گازوایل لە ٨٥٠  دینارەوە بووەتە ٨٠٠ دینار."
 
"دۆخی ناوچەکە بەرەو باشی دەچێ و کێشە لەبەردەم بوونی سووتەمەنی نییە، هەروەرها خواستیش کەم بووەتەوە" وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی وا دەڵێت.

دوای ئەوەی لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و جەنگ بۆ ماوەی ٣٨ رۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان وەستا و کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوە و کەمبوونەوەی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد.




PM:04:12:26/04/2026