سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامەکی لە رێگای نامەیەکەوە بۆ کۆنفرانسی "دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتی" ناردوە کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندوە "بناغەی ئەو بنیاتنانەوەیە یەکێتیی دیموکراتی، سیاسەتی دیموکراتی و دانوستاندنی دیموکراتی دەبێت. هەر هەنگاوێک لەسەر ئەم بنەمایە بنرێت، چارەنووسی هاوبەشمان دیاری دەکات، ئەم بنیاتنانەوەیە بە تووندوتیژی یان سەپاندن بەدەست نایەت، تەنیا لە رێگای رێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی فرەلایەنەوە دەکرێت کە لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتی و سەروەریی یاسا بێت".
سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە داوا دەکات ململانێ ناوخۆییەکان بەلاوە بنرێن و کەشێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە دروست بکرێت و وتوشیەتی "لەو شوێنانەی کورد لێی دەژین، چۆن لەگەڵ نەتەوە-دەوڵەتەکان بەدوای چارەسەری دیموکراتیدا دەگەڕێن، دەبێت لەناوخۆی خۆشیاندا سیاسەتی دیموکراتی پێش بخەن."
"سیستمی پەیوەندییە هۆزەکی، عەشایەری و تەسکبینی کە کۆمەڵگە دابەش دەکات، بەربەستێکی گەورەیە. ئەم عەقڵیەتە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لاواز کردووە"، عەبدوڵا ئۆجەلان وا دەڵێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەخت دەکاتەوە کە "هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نەتوانێت خۆی لەگەڵ واقیعی سەردەم بگونجێنێت و داینامیکە ناوخۆییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی دانەمەزرێنێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت".
عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوای پەیامەکەی ٢٧ی شوباتی٢٠٢٥ و بانگەوازی بۆ "پرۆسەی ئاشتی"، ئەمە شەشەم جارە پەیام لە رێگەی نامەوە لە زیندانی ئیمراڵیەوە دەنێرێت.