ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٦، لە شاری کەرکووک بارهەڵگرێکی جۆری (سایلۆی چیمەنتۆ) بەهۆی خێراییەکی زۆر کە بە ١٢٠ کم/ک دەخەمڵێنرێت، کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بە شێوەیەکی زنجیرەیی خۆی بە ٣٥ ئۆتۆمبێلدا کێشا.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تا ئێستا ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢١ کەسی دیکەش بریندارن، کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.
شایەتحاڵەکان دیمەنی ڕووداوەکە بە تۆقێنەر وەسف دەکەن. دەڵێن'' بارهەڵگرەکە خۆی بە ئۆتۆمبێلەکانی بەردەمیدا کێشاوە و نەوەستاوە تا ئەو کاتەی وەرگەڕاوە.
لەلای خۆیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕایگەیاند'' تەواوی نەخۆشخانەکانی هەرێم و تیمەکانی فریاگوزاری ئامادەن بۆ وەرگرتنی بریندارەکان و دابینکردنی خوێن و دەرمان.''
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جەختی کردەوە کە دەرگای نەخۆشخانەکانی هەولێر بەڕووی بریندارانی کەرکووکدا کراوەیە و بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک ئامادەن.