هاتووچۆی کەرکووک: بارهەڵگرەکە بە خێرایی ١٦٠ کم ئیستۆپی بڕیوە و ٧ کەس گیانیان لەدەستدا

بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک وردەکاریی نوێی لەبارەی کارەساتەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگەیاند. بەپێی وتەی ئەو، بارهەڵگرەکە کە لە بازگەی "چیمەن"ـەوە بەرەو ناو شار هاتووە، لە ڕێگادا ئیستۆپی نەماوە. ئەمەش وایکردووە بەهۆی لێژیی ڕێگاکە خێراییەکەی بگاتە سەروو ١٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بەو هێزە وێرانکەرەوە خۆی بە نزیکەی ٣٥ ئۆتۆمبێلدا بکێشێت.

هەر لەو ڕووداوەدا، شۆفێری بارهەڵگرەکە کە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات، گیانی لەدەستداوە. بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٧ کەس (کە پێکهاتوون لە سێ ژن، پیاوێک، منداڵێک، شۆفێرەکە و قوربانییەکی تر)، هەروەها ٢١ کەسی دیکەش بریندارن کە زۆربەیان لە ناو ئۆتۆمبێلە پانبووەوەکانیاندا بوون.

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە بارهەڵگرەکە (سایلۆی چیمەنتۆ) دوای پێکدادانە زنجیرەییەکان دەستبەجێ ئاگری گرتووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن دیمەنەکە وەک "قیامەت" وابووە، چونکە بارهەڵگرەکە بەو خێراییە شێتانەیە هیچ بوارێکی بۆ شۆفێرەکانی دیکە نەهێشتووەتەوە و چەندین ئۆتۆمبێل بە تەواوی لەژێر بارهەڵگرەکەدا وردوخاش بوون.








PM:11:28:26/04/2026