ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند'' بارستە هەورێکی زەبەلاح لەسەر سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق جێگیر بووە.''
ئەم هەورە لافاوێکی گەورەی لە بیابانەکانی سووریا دروست کردووە و بەهۆیەوە تا ئێستا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە. لە ئێستاشدا کاریگەرییەکانی بە شێوەی باران و تەرزەی بەهێز لە پارێزگای ئەنبار و ناوچە سنوورییەکان دەستی پێکردووە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەم کەشناسە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلەکە دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. سەرەتا ناوچەکانی سنووری کەرکووک، گەرمیان، هەولێر و دهۆک دەگرێتەوە، پاشان کاریگەرییەکانی بۆ سەر سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و سۆران درێژ دەبێتەوە. شەپۆلەکە لەگەڵ خۆیدا با و بارانی بەهێز، تەرزە و هەورەبروسکەی توند دەهێنێت.
ئاراس جەبار ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێن زۆرە، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک، گەرمیان و هەولێر کە پێشبینی دەکرێت چەق و هێزی بارانەکە لەو ناوچانە بەهێزتر بێت. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لەو شوێنانەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی لێیە، وریای خۆیان بن.
کاریگەریی ئەم بارستە هەورە تا بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ـی نیسان لەسەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت. دواتر شەپۆلەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکانی لەسەر باشووری کوردستان کۆتایی پێ دێت.