وتەبێژی نەسر: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوی سەرۆک وەزیران یەکلادەکرێتەوە

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند'' چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران بە تەواوی یەکلابکرێتەوە.''

 بە وتەی عەقیل ردەینی،  گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان هەنگاوێکی زۆر گرنگیان بڕیوە و ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار بە فەرمی کاندیدەکە ڕابسپێرێت و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەست پێ بکات.

وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ئاشکرای کرد، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ناو "لیستە کورتکراوەکە"ی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە عەبادی وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لە ململانێیەکەدا ماوەتەوە.

سەرەڕای لێدوانە گەشبینەکانی هاوپەیمانی نەسر، ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانی یەکتر لەلایەن باڵە جیاوازەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. ململانێی نێوان باڵی مالیکی و لایەنەکانی دیکە لەسەر کەسایەتی سەرۆک وەزیران، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستەیە تاوەکو ئەم ساتە.




AM:09:50:27/04/2026