ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی تایبەتی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانە دەرکرد کە بە ڤیزەی فەرمی هاتوونەتە هەرێم و بە هەر هۆکارێک بێت کێشەی یاسایی و دواکەوتنی نشینگەیان هەیە. بڕیارەکە بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە و ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو بیانییانەی دەیانەوێت نشینگەی نوێ وەربگرن یان کارتەکانیان نوێ بکەنەوە، لە کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان تەنیا ٢٥٪ـی لێ وەردەگیرێت. ئەمەش بەو واتایەیە کە وەزارەتی ناوخۆ ٧٥٪ـی کۆی سزاکانی بۆ خۆش کردوون، کە پێشتر لە ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠٢١ـدا جێگیر کرابوون.
ئەم بڕیارە ئەو بیانییانەش دەگرێتەوە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن؛ ئەوانیش تەنیا بە پێدانی ٢٥٪ـی سزاکانیان دەتوانن مۆری دەرچوون وەربگرن. بۆ سوودمەندبوون لەم لێخۆشبوونە، پێویستە بیانییەکان لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی کارکردندا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.
فەرمانەکە لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی سێ مانگ (٩٠ ڕۆژ) بەردەوام دەبێت. وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری داوە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە، هەر جۆرە سەرپێچییەک بەپێی ڕێنماییە کۆنەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سزای تەواوەتی و بێ لێخۆشبوون لە سەرپێچیکاران وەردەگیرێت.