سلێمانی دابەشکردنی غاز ئاسایی بوەتەوە

سەرپەرشتیاری دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی، ڕایگەیاند'' پڕۆسەی دابەشکردنی غاز لە ناو شاری سلێمانی بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی جاران.''

عومەر عەبدوڵا، جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا ڕۆژانە شەش تەنکەر غاز دەگاتە کارگەکانی پڕکردنەوە تا پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین بکرێت.

بەپێی بڕیارە نوێیەکان، لە ئەمڕۆوە پشکی نانەواخانە و سەموونخانەکان زیاد کراوە و دەتوانن لە هەفتەیەکدا ١٢ بۆ ١٥ بتڵ غاز وەربگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بەهۆی سنوورداریی بڕی غاز تەنها هەشت بتڵیان بۆ تەرخان کرابوو، کە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە بەردەوامیی کارەکانیان بەبێ گرفت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرپەرشتیاری دابەشکردنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بتڵی دووەمی غاز بەگوێرەی فۆرمی خۆراک، ئەم بڕیارەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان و دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ ماڵان دراوە.



PM:01:05:27/04/2026