لە گەڕەکی وەحدەی کەرکوک لە کاتی تێکردنی کۆنکرێتی سەربانێکی دوو نهۆمی، ژمارەیەک کرێکار دەکەونە ژێر خانوەکەوەو تا ئێستا دوو کرێکار گیانیان لە دەستداوە.
دوا نیوەڕۆی رۆژی دوو شەممە ٢٧ ی نیسان لەکاتی کۆنکرێت تێکردنی خانوویەکی دوو نهۆمی، بەهۆی خراپی تەختە بەستنەکەوە، سەربانە کۆنکرێت تێکراوەکە دەروخێت و تا ئێستا وەک زانراوە نزیکی ١٠ کرێکار کەوتوونەتە ژێر بینا رووخاوەکەوە.
پۆلیسی شارەکە گیان لە دەستدانی دوو کرێکاری وەک ئاماری سەرەتایی قوربانییەکان راگەیاند.
عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایەگەیاندووە کە دوو کرێکار گیانیان لە دەستداوەو ١٩ کرێکاری دی بریندارن،
بەڵێندەری ئەو بینایەی کە کرێکارانی تێدا بووە بە ژێرەوە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش دەکرێت.
وەستای داروتەختەی بیناکە تا ئێستا خۆی حەشار داوەو خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە.
لە ماوەی دوو رۆژدا ئەمە دووەم رووداوی ناخۆش کە رووبەڕووی شاری کەرکوک دەبێتەوە، دوێنێش بەهۆی رووداوی بارهەڵگرێکەوە کە راوەستانەکەی تێکچووبوو، شەش هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە ١٤ ی دی برینداربوون، جگەلە ٣٢ ئۆتۆمبیل کە بەر پێکدادانی بارهەڵگرەکە کەوتبوون.