شاخەوان عەبدوڵا: داوا لەکەسوکاری قوربانیانی کەرکوک دەکەم ئەو خوێنەی وەریانگرتوە بەکاری مەهێنن، خوێنی هەندێ کەسی پیسە

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەپاش رووداوی سەختی هاتوچۆ کە لە کەرکوک روویدا و ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی، لەپەیامێکدا داوا لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکات ئەگەر "دڵنیا نەبوون لەو خوێنەی وەرتان گرتوە بەکاری مەهێنن چونکە خوێنی هەندێ کەس پیسەو بچێتە گیانی نەوەکانتانەوە ئەتواری ئەوان هەڵدەگرن ".

لە نوسینەکەدا شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، "دوێنێ بەرچاوم کەوت لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی کەرکوک بەرپرسێکی گەندەڵ و لەخوا نەترس و داوێن پیس پاڵکەوتوەو خوێن دەبەخشێت، ئاخر تۆ لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو جگە لەداگیر کردنی زەویی و گەندەڵی وخراپە کاری زیاتر چی سودێکت بۆ کەرکوک بوە ؟ تۆ لەم بیست ساڵە خەریکی خوێن مژینی کەرکوکییەکان بویتە ئێستا ئەم نواندە ناشرینە چییە دەیکەیت ، خۆ دەکرا لەو هەموو گەندەڵی و سەرانە وەرگرتنە چەند ئۆتۆمبێلێک بکڕیت بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبیلەکانیان زیانی بەرکەوتوە نەک خوێنە پیسەکەت بخەیتە جەستەیانەوە ، چونکە تەنها لەماوەی سال و نیوی ڕابردوو ٢٠٠ دوو سەد ملیار دینار سەرانەتان لەخەڵک وەرگرتوە بەهەڕەشە و فرۆشتنی خاکی کەرکوک بەناو پرۆژەو شتی ترەوە".

هەروەها دەنوسێت "ئاخر تۆ و ئەوانەی وەک تۆن بەمکیاج و بەکڕینی ویژدانی هەندێک بەناو ڕۆژنامەنوس جوان نابن ، تۆو هاوشێوەکانت بونەتە سەرەتان و چونەتە جەستەی کەرکوکییەکانەوە ، تاکار گەیشتە ئەوەی هەتێوێکی کاڵفام لەسیاسەت و تیرۆریستێک لەو پەڕی عێراقەوە بڵێن ئێمە فڵانمان کردە پارێزگارو فلانیشمان لابرد ، دڵنیام زەلیلی ئێوە دەبینم و جارێکی تر ئیرادەی کەرکوکییەکان بۆ خۆیان دەگەرێتەوە".




AM:09:19:28/04/2026