سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا (مەهەپە)، دەوڵەت باخچەلی، لە وتاری کۆبونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە کەرکوک دەڵێت "کەرکوک میراتی باپیرانمانە، کە تێکەڵ بە خەمە، ئاڵاهەڵگری خەباتی رێز و شکۆیە و بەشێکی دێرینی ئۆجاخی تورکمانە".
سێ شەممە، ٢٨ نیسان ٢٠٢٦، دەوڵەت بەخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند "بەناو هێنانی کەرکوک جارێکی تر شتێک لە قووڵایی دڵماندا دەجوڵێت، ناسیۆنالیزمی ئێمە ناتوانرێت تەنیا وەک بابەتێکی شکۆمەندیی سنووردار بە جوگرافیای ئاناتۆلیاوە ببینرێت. لە هەر کوێ تورکێک بژی، هەر لە کوێ منداڵێکی تورک لەدایک ببێت، لە هەر کوێ بە زمانی تورکی قسە بکرێت، ئەو شوێنەش بەشێکە لە یادەوەریی جوگرافیمان، نەخشەی دڵمان، هۆشیاریی مێژوومان".
"ئێمە لە ئەنقەرەوە بڵێسەی ئاگرەکەی کەرکووک دەبینین، ئەگەر ئەو قسەی دوێنێ له ئەنقەره کراوه، ئەمرۆ له کەرکوک دەنگ بداتەوه، ئەگەر ئەمڕۆ له کەرکووک وەڵامی ئەو نزایەی دوێنێ له ئەنقەرە دراوەتەوه، ئەگەر ئەو دڵسۆزییەی دوێنێ نیشاندرا ئەمڕۆ بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتی نوێنەرایەتی، هۆکاری ئەمەش گەورەیی دۆزی ناسیۆنالیزمی تورکیایه"، دەوڵەت باخچەلی وا دەڵێت.
لە بارەی پرۆسەی "ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا" و پەیوەندی بە کەرکوکەوە، سەرۆکی مەهەپە وتویەتی "لەگەڵ ئازادکردنی تورکیا لە نەخۆشیی تیرۆر، ئەو زەمینەیەی لە کەرکوک دادەمەزرێت، ژیانێکی نوێ دەبەخشێت بە ناوچەکە. ئامانجمان تورکیایەکی دوور لە دووبەرەکی و ستەم و تیرۆر و کەشێکی ناوچەیی کە تێیدا ئاشتی و برایەتی ڕەگ دابکوتێنێت، کەرکوک چیدیکە نابێتە بابەتی دانوستاندن. ئاشتیمان نابێتە مادەی هیچ هاوکێشەیەکی تاریک، هیچ دانوستاندنێکی خیانەتکارانە".
دەوڵەت بەخچەلی باس لەوە دەکات کە هێزیان ئامادەیە بۆ پاراستنی کەرکوک و رایگەیاند "لانیکەم ٥٠٠٠ خۆبەخشی گەنجانی ئێمە ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە خەباتی مانەوە، یەکڕیزی و ئاشتی لەو شارە تورکماننیشینانەی کە تورکمان تێیدا دەژین، بەتایبەتی کەرکوک".
لە کۆتاییدا سەرۆکی مەهەپە دەشڵێت "زەمەنەکە گۆڕاوە، ئەم سەدەیە سەدەی تورکە، سەدەی تورکیایە. کەرکووک دەژی، تورکمانلیش هەڵدەستێتەوە و بە ئیزنی خودا بۆ هەتا هەتایە دەژی. ئێمە نە کەرکوک لەبیر دەکەین و نە موسڵ لە مێشکمان لادەبەین".
ڕۆژی ١٦ نیسانی ٢٠٢٦ بە پێی رێککەوتنێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرەی تورکمانی و چەند فراکسیۆنێکی عەرەبی پارێزگاری کەرکوک، ڕێبوار تەها لەسەر لیستی یەکێتی دەستی لەکار کێشایەوە و لە جێگای محەمەد سەمعان وەک نوێنەری بەرەی تورکمانی بوو بە پارێزگاری نوێی کەرکوک، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم رێککەوتنە لە ناکاو بە نهێنی تا چەند رۆژێک بەر لە راگەیاندنی ئەو ئاڵوگۆرە بەڕێوەچوو، ساڵی ٢٠٢٤ کە ڕێبوار تەها بوو بە پارێزگاری کەرکوک بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و چەند کوتلەیەکی عەرەبی و ئەندامێکی رەیان کلدانی ئەنجامدرا. ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ١٦ ئەندام پێکدێت کە لە ناویاندا ئەندامێکیان سەر بە پێکهاتەی مەسیحیەکانە.