وەزارەتی پەروەردە کتێبەکان لە خوێندکاران وەردەگرێتەوە


وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە ناردنی نوسراوێک بۆسەرجەم بەڕیوبەرایەتیەکانی پەروەردە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کتێبەکان دوای تاقیکردنەوە و "بەکارهێنانیان لە ساڵی داهاتوودا".

سێ شەممە ٢٨ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "پێویستە دووپات لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکانتان بکەنەوە، رۆژانە دوای کۆتایی هەر تاقیکردنەوەیەک کتێبیان وەربگیرێتەوە، دەبێت هەموو کتێبەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک لە کۆگای قوتابخانەکان دابنرێت بۆ دابەشکردنەوەیان بەسەر قوتابیانی ساڵی خوێندنی داهاتوو (٢٠٢٦-٢٠٢٧) کە دواتر وەزارەتەکەمان دیاری دەکات".

ئەمە لە کاتێکدایە چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کتێب لە خوێندکاران وەرناگیرێتەوە و بۆ ساڵی نوێ کتێبی نوێ چاپ دەکرێتەوە.

بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، لە هەرێمی کوردستان ٢٢ ملیۆن و ١٣٤ هەزار و ٧٤ کتێبی نوێ چاپکراون.

 هەر بە پێی ئاماری هەمان وەزارەت، ئەم ساڵی خوێندن (٢٠٢٥-٢٠٢٦) ملیۆنێک و ٦٨١ هەزار و ٥٢٢ خوێندکار لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن. هەروەها  ١٤٦ هەزار و ٥٠ خوێندکار قوتابخانە تایبەتەکاندا دەخوێنن.




PM:05:12:28/04/2026