فەرهاد ئەترووشی: لایەنە شیعەکان کلیلی گەڕانەوەی حەلبووسی بوون نەک پارتی

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند'' پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن محەمەد حەلبووسییەوە.

فەرهاد ئەترووشی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گەڕانەوەی حەلبووسی ڕێکبکەوتنایە، ئەوا بەبێ گوێدانە هیچ ڤیتۆیەکی پارتی، ئەو بڕیارەیان تێدەپەڕاند.

ئەترووشی جەختی لەوە کردەوە، زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستی لایەنە شیعەکاندایە و ئەوان خاوەن بڕیاری کۆتایین، هەروەک چۆن لە پرسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دامەزراندنی پلە باڵا سەربازییەکاندا بیسەلمێنراوە کە ئیرادەی ئەوان زاڵە.

بەو پێیەش، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە پارتی ڕێگربووە، تەنها وەک پاساو و بەهانە ناوزەند کرد بۆ پەردەپۆشکردنی بڕیارە سیاسییەکانی ناو بەغدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەبیری هێنایەوە کە پارتی لە خولی ڕابردوودا پشتیوانێکی سەرەکی بووە بۆ گەیشتنی حەلبووسی بەو پۆستە و مەسعود بارزانی دەورێکی کاریگەری لەو پرۆسەیەدا بینیوە. بۆیە ناکرێت ئێستا پارتی بە دژایەتیکردنی حەلبووسی تۆمەتبار بکرێت، لە کاتێکدا لایەنی دیکە هەن کە نایانەوێت ئەو بگەڕێتەوە ناو کایەی دەسەڵاتی یاسادانان.



PM:08:54:28/04/2026