دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت
رۆژی سێشەممە لە شاری کۆیە، تۆمەتبارێک لە کاتی رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هیزەکانی
ئاسایش بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک لەدەزگای ئاسایشی هەرێم
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی
٢٠٢٦/٤/٢٨ لەکۆیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر هەوڵی دەستگیرکردن و پشکنینی
ماڵی تۆمەتبارێک دەدەن بەماددەکانی (٤٣٠ و٢٣٨)لە یاسایی سزادانی عێراقی، بەڵام تۆمەتبار
بەچەکی جۆری دەمانچە ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و دوای ئەوەی چەندین جار
داوای لێ دەکرێت خۆی ڕادەست بکات، دووبارە تۆمەتبار ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە
و هەوڵی هەڵاتن دەدات، سەرئەنجام بە دەمانچەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.
تۆمەتبار(عیرفان عبدالعزیز) تەمەن(٤٧) ساڵ لەماوەی ڕابردوودا،
دووجار بەبڕیاری دادوەر لەلایەن بەشی پۆلیسی کۆیە ئاگاداردەکرێتەوە کە داواکراوە بە
ماددەکانی (٤٣٠ و ٢٣٨)بەڵام تۆمەتبار ڕەتیکردوەتەوە خۆی ڕادەستی یاسا بکات.