هاوژینەکەی شێروان شێروانی نامەیەک دەداتە ئەمریکا

‌ئەرشیف، وێنەی شێروان شیروانی و رووگەش جەباری و دوو منداڵیان

رووگەش جەباری، هاوژینی رۆژنامەنوسی زیندانیکراو شێروان شیروانی، سەبارەت بە دۆخی هاوژینەکەی نامەیەک دەنیرێت بۆ ئەمریکا و دەڵێت "واشنتۆن نابێت چاوپۆشی لەو وڵاتانە بکات کە خەڵک زیندانی دەکەن بە 'تاوانی' قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بۆچی وەزارەتی دەرەوە قبوڵ دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردی لە عێراق ڕۆژنامەنووسان زیندانی بکات؟".

چوار شەممە، ٢٩ نیسان ٢٠٢٦، لە نامەکەدا هاتووە "ئەم داوایە ئاراستەی داڕێژەرانی سیاسەت لە واشنتۆن دەکەم، چونکە ئەمریکا هەرێمی کوردستان لە عێراق بە باشی دەناسێت. ئەمریکا دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە بەڵێنی دیموکراسی، سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و حکومڕانییەکی بەرپرسیار، هاوکار بوو لە داڕشتنەوەی عێراق. هاوژینەکەم باوەڕی بەو بەڵێنە هەبوو. دوای ڕووخانی سەدام حسێنی دیکتاتۆری عێراق، شێروان بووە ڕۆژنامەنووس چونکە پێی وابوو ڕاگەیاندنی ئازاد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی کوردستانێکی دیموکراتدا. دواتر حکومەتەکەی مەسروور بارزانی دەستگیری کرد بەو تۆمەتەی کە چاوی بە کونسوڵە گشتییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر کەوتووە".

هاوژینەکەی شێروان شیروانی وتوشیەتی "داوا لە واشنتۆن دەکەم فشار بخاتە سەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەستبەجێ و بەبێ مەرج شێروان شێروانی ئازاد بکەن. داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەم کە لە هەموو کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم، بە ئاشکرا و بە نهێنی دۆسییەکەی بخەنەڕوو. داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەم ئەوە ڕوون بکەنەوە کە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەبێت ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، سەربەخۆیی دادوەری و شکۆی مرۆڤ لەخۆ بگرێت. دۆسییەکەی شێروان نموونەی ئەوەیە کە بۆچی ١٠ ساڵ لەمەوبەر، کۆنگرێس یاسای (ماگنیتسکی جیهانی) پەسەند کرد.".

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکێکدا رایگەیاند "شێروان شێروانی دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی تیمی دەستە کرد ئەویش پێدانی مۆڵەتی چوونەوەی ماڵەوە بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکان. لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی داواکاری یەکەم، ڕێگەی پێ بدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی. ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامدانەوەی دروستی ئەم داواکارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە خواردن بهێنێت"، کە تا ئێستا داواکارییەکانی جێبەجێنەکراوە و رەتکراوەتەوە.

رۆژنامەنووس شێروان شێروانی یەکێکە لە دەستگیرکراوانی کەیسی زیندایانی بادینان و لە تشرینی یەکەنی ٢٠٢٠وە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دەستگیرکراوە و لە شوباتی ٢٠٢١ لە لایەن دادگای تاوانەکانی هەولیرەوە سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە تەموزی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە بە تۆمەتی "ساختەکاری و دەستکاریکردنی پەراوی فەرمی" سزای ٤ ساڵی دیکەی بۆ زیادکرا و کەیسەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەدوادا هاتووە و بە "کەیسێکی سیاسی و دەسترێژیکردنە سەر ئازادی رادەربڕین" پێناسە دەکرێت.


دەقی نامەکەی ڕووگەش جەباری بەمشێوەیەیە:

"واشنتۆن نابێت چاوپۆشی لەو وڵاتانە بکات کە خەڵک زیندانی دەکەن بە "تاوانی” قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا
بۆچی وەزارەتی دەرەوە قبوڵ دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردی لە عێراق ڕۆژنامەنووسان زیندانی بکات؟
پێنج ساڵ و نیو پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان شێروان شێروانی هاوژینی منی دەستگیر کرد. تاوانەکەی؟ ڕۆژنامەنووس بوو کە لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کۆبووەوە. لەو کاتەوە چوار منداڵەکەمان بێ باوک ماون. منداڵەکانم پێویستیان بە شێروانە. پێویستم بە هاوژینەکەمە. لە سەرووی هەمووشیانەوە هاوژینەکەم پێویستی بە دادپەروەرییە.

ئەم داوایە ئاراستەی داڕێژەرانی سیاسەت لە واشنتۆن دەکەم، چونکە ئەمریکا هەرێمی کوردستان لە عێراق بە باشی دەناسێت. ئەمریکا دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە بەڵێنی دیموکراسی، سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و حکومڕانییەکی بەرپرسیار، هاوکار بوو لە داڕشتنەوەی عێراق. هاوژینەکەم باوەڕی بەو بەڵێنە هەبوو. دوای ڕووخانی سەدام حسێنی دیکتاتۆری عێراق، شێروان بووە ڕۆژنامەنووس چونکە پێی وابوو ڕاگەیاندنی ئازاد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی کوردستانێکی دیموکراتدا. دواتر حکومەتەکەی مەسروور بارزانی دەستگیری کرد بەو تۆمەتەی کە چاوی بە کونسوڵە گشتییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر کەوتووە.

شێروان ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، زیندانە نهێنییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئامادە دەکرد. ئەو بڕوای وابوو کە دەبێت کاری ڕۆژنامەگەری خزمەت بە کۆمەڵگە بکات، نەک پیاوە دەسەڵاتدارەکان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە دهۆک و هەولێر، دەسەڵاتە ناوخۆیییەکان بە چاوی تاوان سەیری ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ دەکەن.

لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ـدا، ئەو ڕاستییە تاڵە هاتە ناو ماڵەکەمان. دەوروبەری کاتژمێر ٤:٣٠ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ـی سەر بە بارزانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان. نزیکەی ٢٠ کەس هاتن کە چەند کەسێکیان لەگەڵ بوو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە دادگاوە هاتوون. شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی دەوری ماڵەکەمانی دابوو. دوو لە منداڵەکانم خەوتبوون و دووانیشیان بەخەبەر بوون. گەورەترین منداڵم تەمەنی تەنها ١١ ساڵ بوو.

شێروان ڕایکردە سەر سەربانەکە، بەڵام دەستگیریان کرد. لەبەردەم منداڵەکانماندا، دەمانچەیان خستە سەر سەری. کەلەپچەیان کرد، دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرت و بردیان. دیمەنێکی ترسناک بوو. کوڕەکەم ئێستا تەمەنی ١٧ ساڵە، بەڵام شوێنەواری ئەو شۆکە و ناخۆشییەکانی ئەو ڕۆژە هێشتا لە ناخیدا ماونەتەوە. کچەکەم تەنیا تەمەنی دوو ساڵ بوو کاتێک باوکی ڕفێندرا؛ بەڵام ئێستا تەمەنی حەوت ساڵە.

شێروان لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بە تۆمەتی مەترسی خستنە سەر ئاسایشی هەرێم، سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەو هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە؛ چونکە ئەو بەڵگانەی دژی خرابوونە ڕوو لاواز و سیاسی بوون. کرۆکی دۆسییەکە ئەوە بوو کە هاوژینەکەم بە ئاشکرا لە کونسوڵخانە چاوی بە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا کەوتووە-ئەمە مافێکە کە بنەماڵەی بارزانی تەنیا بۆ خۆیان و ئەو کەسانەی خۆیان هەڵیانبژاردوون، پاراستوویانە. پێش دادگاییکردنەکە، کەسایەتییە باڵا سیاسییەکان بە ئاشکرا تۆمەتی سیخوڕییان دایە پاڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان. ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێگە دەدات ئەم چەواشەکارییانە بەردەوام بن، پەیامێکە بۆ هەر عێراقی و کوردێک کە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕەنگە سزاکەی مردن بێت. ئەوەی کە ئەمریکا ئەگەر ملیاران دۆلار نەبێت ئەوا ملیۆنان دەبەخشێتە ئەو بنەماڵانەی فەرمانی دەستگیرکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەدەن، برینەکە قووڵتر و سووکایەتییەکە گەورەتر دەکات.

فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بوونە هۆی کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەی. پاشان، لە تەمووزی ٢٠٢٣ـدا، دادگا بە تۆمەتی ساختەکردنی واژۆ لەسەر بەڵگەنامەیەک کە پەیوەندی بە عەریزەیەکەوە هەبوو لە ناو زینداندا واژۆ کرابوو، سزای سەپاندەوە. کەچی ئەو کەسەی کە ناوەکەی لەوێدا هاتبوو، خۆی بۆ دادگا دووپاتی کردبووەوە کە شێروان مۆڵەتی لێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی ناوەکەی زیاد بکات. سەرەڕای ئەمانەش، لە ئابی ساڵی ڕابردوودا وامان دەزانی دواجار دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە؛ بەڵام بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، دادگا چوار ساڵ و پێنج مانگی تری خستەسەر سزاکەی.

ئەمجارەیان، تۆمەتەکە ئەوەبوو کە هەڕەشەی لە بەرپرسێکی زیندان کردووە. کەیسەکە پشتی بە گەواهیدانی دژبەیەک بەستبوو؛ دوو شایەتحاڵ کە لەوێ ئامادەبوون، وتیان کە نەیانبیستووە شێروان هەڕەشە لە کەس بکات. شایەتحاڵەکانی تریش پاسەوانی زیندان بوون و پەیوەندییان بە سکاڵاکارەکەوە هەبوو. شێروان داوای بینینی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری (CCTV) کرد، بەڵام بە دادگا وترا کە کامێراکان لەو کاتە دیاریکراوەدا کاریان نەکردووە. دوای دەرچوونی ئەم سزایە نوێیە، چواردە پەرلەمانتاری بەریتانی داوای ئازادکردنی شێروانیان کرد.

ئەو سزایەی کە دواتر دادگا بەسەر شێرواندا سەپاندی، لەو سنوورە یاسایییە زیاتر بوو کە خودی ئەو یاسایە ڕێگەی پێدەدا کە دادگاکە پشتی پێ بەستبوو. پاشان دادگا دەستڕاگەیشتنی تیمی بەرگریی بە بەڵگەنامەکان سنووردار کرد و ڕێگری لە پارێزەرەکانی کرد کە تانە لە بەڵگەکان بدەن. دەسەڵاتدارانی کورد ڕێگرییان لە چاودێران، ئەندامانی خێزانەکەی، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە بچنە ناو هۆڵی دادگاوە. هێزە ئەمنییە چەکدارەکان و ئەو کەسانەی جلی مەدەنییان پۆشیبوو، ناو دادگایان پڕ کردبوو. لە دەرەوەش، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە کۆببوونەوە.

پێویستە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تێبگەن کە ئەم کەیسە نوێنەرایەتیی چی دەکات. شێروان تەنیا یەک ڕۆژنامەنووس نییە؛ ئەو سیمبولی ئەوەیە کە چی ڕوودەدات کاتێک حکومەتێکی هەرێمی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، دادگاکان، زیندانەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنە ئاشتیخوازانەکان بەکاردەهێنێت. زیندانیکردنی شێراون، ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات، متمانە بە دامەزراوەکانی لاواز دەکات و پەیامێک بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک دەنێرێت کە دەڵێت: ئەگەر لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بکەیت، ڕەنگە خێزانەکەت باجەکەی بدەن. باجدەرانی ئەمریکیش قوربانی ئەم دۆخەن، چونکە بەشێکی زۆری پارە دزراوەکان و بەرتیلەکان، پەیوەندییان بەو گرێبەست و پاڵپشتییانەوە هەیە کە حکومەتی ئەمریکا پێشکەشی دەکات.

ئەمڕۆ جارێکی تر شێروان لەناو زینداندا لە مافە سەرەتایییەکانی بێبەش دەکرێت. بەپێی یاسا، دەبێت ڕێگە بە زیندانییان بدرێت بۆ ماوەی یەک هەفتە لە هەر سێ مانگێکدا سەردانی خێزانەکانیان بکەنەوە (مۆڵەتی چوونە ماڵەوە). بەڵام شێروان لەم مافە بێبەش کراوە. بەهۆی ئەم نادادپەروەرییە، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئێستا تەندروستی و ژیانی شێروان لە دەستی دەسەڵاتداراندایە.

داوا لە داڕێژەرانی سیاسەت لە ئەمریکا دەکەم: تکایە، چاو مەپۆشن و پشتگوێی مەخەن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەژموون و کاریگەریی لە هەولێر هەیە. بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کۆدەبنەوە؛ ئەوان دانپێدانانی سیاسی، هاوکاریی ئەمنی، پاڵپشتیی دیپلۆماسی و ڕەوایەتی پێشکەش دەکەن. نابێت ئەو کاریگەری و هەژموونە بێدەنگ بێت کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بەردەوام و دووبارە زیندانی دەکرێت.

داوا لە واشنتۆن دەکەم فشار بخاتە سەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەستبەجێ و بەبێ مەرج شێروان شێروانی ئازاد بکەن. داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەم کە لە هەموو کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم، بە ئاشکرا و بە نهێنی دۆسییەکەی بخەنەڕوو. داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەم ئەوە ڕوون بکەنەوە کە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەبێت ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، سەربەخۆیی دادوەری و شکۆی مرۆڤ لەخۆ بگرێت. دۆسییەکەی شێروان نموونەی ئەوەیە کە بۆچی ١٠ ساڵ لەمەوبەر، کۆنگرێس یاسای (ماگنیتسکی جیهانی) پەسەند کرد.

ڕێگە مەدەن هاوسەرەکەم بە هێواشی لە پشتی دیوارەکانی زیندانەوە گیان بسپێرێت تەنیا لەبەر ئەوەی کاری ڕۆژنامەگەری کردووە و لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکادا کۆبووەتەوە. دەستبەرداری بەڵێنی دیموکراسی مەبن لە کوردستان. من داوای ئیمتیاز و مافێکی تایبەت ناکەم، من تەنیا داوای دادپەروەری دەکەم.”




PM:05:24:29/04/2026