بڕیارە سبەی پێج شەممە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم کۆتایی بێت، پەرلەمانتارێکیش رایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو تەمویلی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوار شەممە ڕایگەیاند" هەفتەی داهاتوو تەمویلی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و ڕێکارەکان بێ کێشە کۆتاییان هاتووە".
لە درێژەی قسەکانیدا، وتیشی "ناردنی پارەکە دوای تەواوبوونی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و لێکتێگەیشتن لەسەر داهاتی نانەوتی دێت، کە لە ئێستادا پارەی پێویست لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بەردەستە".
هەرچەندە سودانی و تەیف سامی بە نوێنەرانی کورد و وەزارەتی دارایی هەرێمیان راگەیاندووە کە ئاساییە ئەگەر داهاتی ناوخۆی هەرێم وەک مانگی پێشوو بێت بەهۆی ئەو دۆخەی لەناوچەکەو عێراقدا دەگوزەرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە دەتوانێت چەند ملیار دینار رەوانەی بەغدا بکات، بەغدا لە دۆخی ئاساییدا ١٢٠ ملیار دیناریان لە هەرێم وەردەگرت، بەڵام بەهۆی باری نا ئاساییەوە مانگی ئازار تەنها ٤٣ ملیار دیناری رەوانەی بەغدا کرد.