لە شاری کۆیە مامۆستایەکی ئینگلیزی بە فیشەک دەکوژرێت، خوشکێکی ئاماژە بەوە دەکات کە ئاسایشی کۆیە کوشتوویانە، بەڵام ئاسایش دەڵێت " دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئاسایش خۆی دەکوژێت".
بەپێی زانیارییەکانی سپی لەسەر کێشەیەک، پۆلیس ئاگاداری مامۆستا عیرفان عەبدەولرەحمان کانی مارانی دەکات سەردانی بنکەی پۆلیس بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر داوایەکی یاسایی، ناوبراو ناچێت بەدەم داواکەوە، دوانیوەڕۆی چوار شەممە هێزی ئاسایشی دەچێت بۆ دەستگیرکردنی، تەقەکردن روودەدات و دەکوژرێت، خوشكی مامۆستا کوژراوەکە کە ناوی ( ئەدا عەبدولرەحمانە)و لە ئەڵمانیا دەژی لە فایلێکی دەنگیدا کە دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە، دەڵێت " براکەم خەڵتانی خوێنکراوەو لەلایەن ئاسایشی کۆیەوە کوژراوەو، ئێستا تەرمەکەی لەپزیشکی دادی هەولێرە".
لە روونکردنەوەیەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە لەسەر رووداوەکە، دەڵێن" بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ٢٠٢٦/٤/٢٨ لەکۆیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر هەوڵی دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارێک دەدەن بەماددەکانی (٤٣٠ و٢٣٨)لە یاسایی سزادانی عێراقی، بەڵام تۆمەتبار بەچەکی جۆری دەمانچە ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و دوای ئەوەی چەندین جار داوای لێ دەکرێت خۆی ڕادەست بکات، دووبارە تۆمەتبار ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش دەبێتەوە و هەوڵی هەڵاتن دەدات، سەرئەنجام بە دەمانچەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت".
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی هەرێمدا هاتووە " تۆمەتبار(عیرفان عبدالعزیز) تەمەن(٤٧) ساڵ لەماوەی ڕابردوودا، دووجار بەبڕیاری دادوەر لەلایەن بەشی پۆلیسی کۆیە ئاگاداردەکرێتەوە کە داواکراوە بە ماددەکانی (٤٣٠ و ٢٣٨)بەڵام تۆمەتبار ڕەتیکردوەتەوە خۆی ڕادەستی یاسا بکات". ( مادی ٤٣٠ ی سزادانی عێراقی تایەبەت بە هەڕەشەکردن لە کەسێکی تر بە ئەنجامدانی تاوانێک لە ژی خودی کەسەکە، حکومەکەی زیندانیکردنە کە لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت، هەرچی مادەی ٢٣٨ ی یاسای سزادانی عێراقی و سزاکەی نابێت لە شەش مانگ زیاتر بێت).
بەپێی بەدواداچوونی " سپی " مامۆستا عیرفان عەبدولڕەحمان، ئەندامی گروپی شاخەوانی و زمانزان و کەسایەتییەکی مەدەنی خۆشەوستی خەڵکی شار بووە.
هەندێک زانیاری کە دەست " سپی " کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم دۆسیەیە لە بنکەی پۆلیس بووە بۆچی هێزێکی "ئاسایش دەچن بۆ دەستگیرکردنی؟".
تایبەتمەندی تۆمەتەکە پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبووە، ئاسایش بۆچی چوون بۆ دەستگیرکردنی و بۆچی تەقەکراوەو کێ فەرمانی تەقەیان پێداون، ئایا چەند فیشەکی بەرکەوتووەو فیشەکەکان بەرکوێی عیرفان عەبدولەرحمان کەوتوون؟.
عیرفان عەبدوڵرەحمان خاوەنی دوو منداڵە و پێشتر لە وڵاتی بەریتانیا بووە.