ماڵپەڕی پایتەخت: ئاسایشی یەکێتی پەیامنێرەکەمانی دەستگیرکردووە


لە دەڤەری رانیە پەیامنێرێکی ماڵپەر و سۆسیال میدیای پایتەخت ماوەی ٢٤ کاتژمێرە بێ سەرو شوێنەو، ئاسایشی دەڤەرەکەش بێ ئاگایی خۆیان لە رووداوەکە رادەگەیەنن، کەمێک لەمەوبەر ماڵپەڕەکە دەڵێت" لە ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکراوە ".

شەوی چوار شەممە ٢٩ ی نیسان لە راگەیاندراوێکی بەپەلەدا ماڵپەر و سۆسیال میدیای پایتەخت بڵاوکراوەتەوە، هاتووە " دوای زیاتر لە ٣٥ کاتژمێر لە دیارنەمانی پەیامنێرمان جووتیار رەسووڵ لە دەڤەری راپەڕین، زانیاری تەواومان لەسەر بێسەروشوێبوونی دەستکەوتووە و دڵنیایین لە لایەن ئاسایشی گشتیی یەکێتی ڕفێنراوە و ئێستا لە سلێمانی دەستبەسەرە".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " جووتیار رەسوول لە دوێنێ سێشەممە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕۆ بێسەروشوێنە، تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ دەچوو، بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە. کاتژمێر ٧:٣٦ خولەکی بەیانی مۆبایلەکەی داخرا".


ڕێكخراوی په‌یامنێران کە ئۆفیسەکەی لە هەولێرە ئەمرۆ چوار شەممە رایگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە" ‌ ئه‌مڕۆ ڕێكخراوی په‌یامنێران له‌باره‌ی دیارنه‌مانی په‌یامنێرێكی پایته‌خت میدیا بڵاویكرده‌وه‌، لە بەیانیی ئەمڕۆوە له‌ پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ بەڕێز "هیوا قەرەنی"، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی سنووره‌كه"‌.
 
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، لایەنە حکومی و ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە کە ماوەی ٢٤ کاتژمێرە بێسەروشوێنە.

لە سلێمانیش سەنتەری میترۆ لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بەوە دەکات، جوتیار رەسوڵ پێشتر بەمەبەستی گەشتێكی خێزانی، مۆڵەتی لە دەزگاكەی وەرگرتووە، لە كاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بێسەروشێنە و كەسوكار و هاوكارەكانی هیچ لەبارەی چارەنووسی نازانن".

میترۆ دەشڵێت " هێزە ئەمنییەكان هیچ زانییارییەكیان لە بارەی ئەم كەیسەوە بڵاونەكردۆتەوە".

ماڵپەر و سۆسیال میدیای پایتەخت میدیایەکی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستانەو ئۆفیسی سەرەکی لە هەولێرە.




PM:09:56:29/04/2026