سەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ بە ١٩ ساڵ زیندانی حوکمدرا


لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە، بەڵام رژێمی تورکیا بەردەوامە لە سزادانی بەرپرسانی کورد بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە پەکەکەوەو، لە نێوتریندا سەرۆکی شارەوای جۆلەمێرگ بە ١٩ ساڵ زیندانی حوکمدرا. 

سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ محەمەد سدیق ئاکش کە ڕۆژی ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە قەیووم لە شوێنی دانرا، بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن” تۆمەتبار کرا، ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسییەکەی درا.

محەمەد سدیق کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای واندا ڕاگیراوە، بەشداری دانیشتنی دادگای سزا قورسەکانی جۆلەمێرگ کرد کە لە دانیشتنەکەدا پارێزەرانی ئاکش و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلانی جۆلەمێرگ وەزیر جۆشکون پارلاک و خانەوادەی ئاکش ئامادە بوون.

لە میانەی دانیشتنەکەدا سدیق ئاکش بەرگریی لە خۆی کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی لێدوانی کەسانی شایەتحاڵی نهێنییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو لە مافی ئازادیی بێبەش کراوە، پاشان پارێزەرانی ئاکش بەرگریی خۆیان پێشکەشکرد و داوای بێتاوانی موەکیلەکەیان کرد.

دواتر لیژنەی دادگا بڕیاری کۆتایی ڕاگەیاند و سدیق ئاکشی بە تۆمەتی "بەڕێوەبەریی ڕێکخستن” سزای ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند.





PM:11:14:29/04/2026