بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق،
لە مانگی نیسانەوە وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە هاوڵاتییان تەنها بە شێوازی
"پارەدانی ئەلیکترۆنی” دەبێت و وەرگرتنی پارەی کاش لەلایەن بریکارەکانەوە قەدەغە دەکرێت.
ئەم بڕیارە کە لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری دەرچووە، ئامانج لێی ڕێکخستنی سیستەمی دارایی
و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاشە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، لە ناو پەرلەمانی
عێراق جووڵەیەک دەستیپێکردووە و ٩٣ واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بڕینی
بەشەخۆراکی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان.
وەزارەتی بازرگانیش جەختی کردووەتەوە کە بڕینی
بەشەخۆراک تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهاتیان بەرزە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان
بگەنە دەستی خەڵکی کەم دەرامەت، هاوکات وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەنگۆی
بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی ڕەتکردەوە کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.