لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ڕێنمایی تایبەت سەبارەت بە "ساز نەدانی کۆنگرەی میدیایی لەبەردەم مزگەوتەکان" بڵاو دەکاتەوە و داوا لە رۆژنامەنووسان دەکات "دوور بکەونەوە لەو دیاردە ناشارستانییە".
پێنج شەممە، ٣٠ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، دیاردەیەکی زۆر دەگمەن بە میدیاو دنیای رۆژنامەوانی دەبینرێت، لە ھیچ جێگایەکی تری دنیادا نەبوەو نەکراوە بەردەم پرسەگەو مزگەوتەکان ببنە مینبەری میدیا و سیاسەت، دەیان کەناڵ کۆدەبنەوەو پرێس کۆنفرانسێک ساز دەکەن بۆ قسەکەرێک کە بە نیازی پرسەو سەردانی کەسوکاری کۆچکردوو ھاتوە، نەک ئامادەسازبێت بۆ لێدوان و قسەکردن لەسەر پرسی سیاسەتی ئەو سەعاتەو ئەو رۆژە".
"لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەسەرجەم کەناڵەکانی سنوری لقەکە رادەگەیەنێت، ئەم دیاردەیە شارستانیی نیەو ناوازە و دەگمەنەو نابێت رێزی مردوو رێزی کەسوکاری مردوو و ئازادیی پرسەکەرانی تر قۆرغ بکرێن و بەردەم مزگەوتەکانیش ببێتە مینبەرو گۆڕەپانی میدیا و سیاسەت و ململانێ"، لقی سلێـانی سەندیکای رۆژنامەنووسان وا دەڵێت.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان داوایەک ئاراستەی بەشداربوونی پرسەکان دەکات و وتویەتی "بەڕێزەوە داوا لە سەرجەم وتەبێژو بەرپرسانی حزبی و سیاسی و حکومی و ئیداری دەکەین کە لەبەردەم مزگەوتەکان و شوێنی عیبادەت و پرسەکان بابەتی سیاسی نەوروژێنن، دەشێت ئەو تەوەرانە لە کات و شوێنی تایبەت بە پرێس کۆنفرانس بێت وەک ئەوەی لە ھەموو دنیا دەگوزەرێت، نەک ناو پرسەکان و بەردەم دەرگای مزگەوتەکان".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە " پرسە لەلای ئێمەی کورد سروتێکی پیرۆزی ھەیە، ھیوادارین میدیاکارە بەڕێزەکان و بەرپرسانی خۆشەویستیش ھۆکار نەبن بۆ تێکدانی ئەم کلتورو سروتە جوانەو ئەم رێنماییەمان بە دیدێکی شارستانییەوە لێوەربگرن".