نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی: پێویستە مافی کرێکار پارێزراو بێت

بۆنەی یەکی ئایار و ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی کرێکارانی کوردستان و جیهان کرد و تێیدا جەختیان لە پاراستنی شکۆ و مافە یاساییەکانی ئەو چینە تێکۆشەرە کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی کاریگەری کرێکاران لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا ڕوانی و ڕایگەیاند'' پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە دابین بکرێت تاوەکو شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک تێیدا پارێزراو بێت.''

هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئەرکی خۆیان لە چاودێریکردن و هاوکاریکردنی خێزانی ئەو کرێکارانە جێبەجێ بکەن کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و دڵنیایی ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تێکۆشانی کرێکارانی کوردستانی لە گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمدا بە بەرز نرخاند و پابەندبوونی حکومەتی بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنیان دووپاتکردەوە،

ئومێدیشی خواست کە هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بێت و دوور بن لە هەر جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەک، چونکە ئەوان کۆڵەکەی سەرەکیی بنیاتنانی نیشتمانن.



AM:11:06:01/05/2026