وەزیری دارایی عێراق، هەنگاوێکی یاسایی نوێی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووەتە بەر و سکاڵایەکی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کردووە. ئەم سکاڵایە پەیوەستە بە بڕیارێکی مێژوویی ساڵی ١٩٩٢ کە تایبەتە بە خاوەندارێتی و گواستنەوەی موڵک و ماڵە حکومییەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ سەر میلاکی هەرێم.
تەیف سامی، داوا دەکات بڕیاری ژمارە ٣٣٢٦ کە لە ڕێکەوتی ٢٤ـی تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دەرچووە، بە نادەستووری بناسێنرێت، بەپێی ئەو بڕیارە، دەسەڵات دراوە بە حکومەتی هەرێم کە سەرجەم باڵەخانە، شووقە و دامەزراوە حکومییەکانی سەر بە حکومەتی پێشووی عێراق بگوازێتەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی دارایی هەرێم.
وەزیری دارایی عێراق، داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکە و هەموو ئەو لێکەوتە یاساییانە دەکات کە لەو ڕێکەوتەوە تا ئێستا دروست بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگاداری وردەکاری و ناوەڕۆکی سکاڵاکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی شێوازی وەڵامدانەوە و ستراتیژی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم کەیسەدا دیاری نەکردووە.
بڕیارە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ڕێکەوتی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەم سکاڵایە ئەنجام بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت یەکێک بێت لە کەیسە یاساییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغداد سەبارەت بە سەروەت و سامانی گشتی.