ڕۆژی شەممە (٢ـی ئایاری ٢٠٢٦)، مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و شاندێکی یاوەری لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێ کرا، بە جۆرێک کە ڕێز لە ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن و ماوە دەستوورییەکان بگیرێت.
بارزانی لە دیدارەکەدا دووپاتی کردەوە کە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، چونکە پابەندبوون بە دەستوور کلیلی سەرەکیی سەقامگیریی وڵاتە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بەرژەوەندیی گشتی و سەروەریی یاسا بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی گرفتەکانی ڕابردوو.
زەیدی و شاندە یاوەرەکەی داوایان لە بارزانی کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە فراکسیۆنە پەرلەمانی و حکومییەکەیەوە بەشدارییەکی چالاکانە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغداد و پێکهێنانی حکومەتی نوێدا بکات.