لە سەیدسادق باندێکی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکران

مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیدار کە کاریان دزینی ماتۆڕسکیل بووە و ئەمەش دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی لەسەر دزینی ماتۆڕەکەی لەبەردەم ماڵەکەیدا تۆمارکرد و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد بە چاودێری دادوەر دەستیپێکرد

هێزەکانی پۆلیس دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد توانیان شوێنی تۆمەتباران بدۆزنەوە و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستبگرن بەسەر ئەو ماتۆڕەی کە سکاڵای لەسەر بوو لەگەڵ سێ ماتۆڕسکیلی تری دزراودا کە تۆمەتباران بەنیازبوون ساغیان بکەنەوە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم کەسانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و لە چوارچێوەی بانددا ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە

هەردوو تۆمەتبار کە تەمەنیان لە نێوان بیست و پێنج بۆ بیست و شەش ساڵدایە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تا ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر و سزای دادپەروەرانە وەربگرن



PM:05:26:02/05/2026